ڕۆژی چوارشەممە 9ـی 12ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی ڕەسمی بۆ وڵاتی توركیا بە یاوەریی شاندێك گەییشتە ئانكارای پایتەختی توركیا و لە فڕۆكەخانەی ئانكارا لەلایەن فرێدون سینرئۆغلو جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی توركیا پێشوازی لێ كرا.
هەر لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا دوای نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 9ـی 12ـی 2015 ڕەجەب تەییب ئەردوگان سەرۆك كۆماری توركیا لە كۆشكی سەرۆكایەتیی پێشوازی لە سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كە مەولوود چاوش ئۆغلو وەزیری دەرەوە و بیرات بەیڕەق وەزیری وزە و فرێدون سینرئۆغلو جێگری وەزیری دەرەوە و هاكان فیدان سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی توركیا ئامادە بوون، سەرۆك كۆماری توركیا بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی كرد و پیرۆزبایی سەركەوتنی پێشمەرگە لە ئازادكردنی شنگالی لە سەرۆك بارزانی كرد. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و بابەتی هاتنی سوپای توركیا بۆ باشیك لە پارێزگای نەینەوا تاوتوێ كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە ئەم بابەتە لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێت. هەروەها باس لە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا كرا و بە پێویست زانرا كە ئەم پەیوەندییانە فراوانتر بكرێن. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی شەڕی داعش و هەماهەنگی و هاوكاریی وڵاتان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش ئاڵوگۆڕ كرا.
هەر ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 9ـی 12ـی 2015 ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆك وەزیرانی توركیا لە كۆشكی سەرۆكایەتیی وەزیرانی توركیا پێشوازی لە سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە مەولوود چاوش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا و فرێدون سینر ئۆغلو جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا ئامادە بوون، سەرۆك وەزیرانی توركیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا نیشاندا و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا ڕایگەیاند كە سەقامگیری و ئاساییشی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا جێگەی بایەخە و ئاساییشی توركیاش بۆ تەواوی ناوچەكە گرنگیی خۆی هەیە. سەرۆك وەزیرانی توركیا جەختی لە دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی كردەوە و ڕاشیگەیاند كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەبێ هەردوولا هاوكاری یەكتر بن چونكە تیرۆریستانی داعش دوژمنی هاوبەشی هەردوولان. هەروەها ئاماژەیشی بە ڕۆڵی سوپای توركیا دا لە مەشق و ڕاهێنانی بەشێك لەو پێشمەرگانەی كە بەشداریان لە ئازادكردنی شنگالدا هەبووە.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەویەدا باس لە قۆناغەكانی هەڵوێست و پەیوەندیی دەوڵەتی توركیا لەگەڵ گەلی كورد كرا و ئەو پێشڤەچوونانە خرانەڕوو كە لەم بوارەدا هاتووەتە ئارا. جێگەی ئاماژەپێدانە كە بۆ یەكەمجار لە مێژووی سەردانی شاندە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لە كۆبوونەوەكەی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی توركیادا ئاڵای كوردستان لە تەك ئاڵای عێراق و توركیا دانرابوو و سەرۆك بارزانی دەستخۆشیی لە سەرۆك وەزیرانی توركیا كرد كە لە كۆبوونەوە فەرمییەكەی نێوانیاندا ئاڵای كوردستان دانراوە و پێزانینی بۆ ئەم هەڵوێستە هەبوو.
هەر لە چوارچێوەی دیدارەكانی سەرۆك بارزانی لە توركیا لە ڕۆژی چوارشەممە 9ـی 12ـی 2015 ئێوارخوانێك لەسەر شەرەفی سەرۆك بارزانی لەلایەن وەزیری دەرەوەی توركیا ساز درا كە وەزیرانی كشتوكاڵ و وزە و جێگری وەزیری دەرەوەی توركیایش ئامادەی بوون.
شایانی ئاماژەپێكردنە كە لەم سەردانەدا د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یاوەری سەرۆك بارزانین.